ڤیکتۆریا گیڵ
بی بی سی
زانستکاران دەڵێن نهێنی یەکێك لە خۆگونجانە لەئەندازەبەدرەکانی جیهانی ئاژەڵانیان دۆزیوەتەوە کە بریتییە لە توانای شیردەرە ئاوییەکان بۆ هەڵگرتنی ئۆکسجینی پێویست و هەناسە راگرتن بۆ ماوەی کاتژمێرێك.
تیمێکی زانستی توێژینەوەیان لەسەر مایۆگڵۆبین (ئەو پرۆتینەی کە بەرپرسە لە گەنجینەکردنی ئۆکسجین لە ماسولکەی شیردەرەکاندا) کردووە و بۆیاندەرکەوتووە لە نەهەنگ و سەگی دەریادا ئەم پرۆتینانە خاوەنی سیفاتی "نەلکاویی"ن.
ئەمەش رێگە بە ئاژەڵەکان دەدات بتوانن بڕێکی ئێجگار زۆر لە ئۆکسجین لە ماسولکەکانیاندا هەڵبگرن بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی "کڵۆبوون". ئەنجامی توێژینەوەکە لە بڵاوکراوەی "سایەنس"دا خراوەتەڕوو. دکتۆر مایکڵ بێرنبرینك لە زانکۆی لیڤەرپوڵ کە یەکێكە لە ئەندامانی تیمەکە دەڵێت لەمێژە زانستکاران بەدوای چۆنێتی هەڵگرتنی ئەو بڕە زۆرە لەو پرۆتینە گرنگەدا دەگەڕێن لە لەشی شیردەرەکاندا.
بێرنبریك دەڵێت: "هەبوونی بڕێکی زۆر لەم [پرۆتینە] وا دەکات کە پێکەوە بنوسێن، بۆیە ویستمان لەوە تێبگیەن کە چۆن نەهەنگ و سەگی دەریا بەشێوەیەك پەرەیانسەندووە کە بتوانن بڕێکی زیاتر و زیاتری پرۆتینەکە لە ماسولکەکانیاندا هەڵبگرن بەبێ لەدەستدانی کاراییان."
تیمەکە نمونەی پرۆتینی مایۆگڵۆبینیان لە ماسولکەی چەندین شیردەر وەرگرت، هەر لە مانگای وشکانییەوە بۆ سمۆرەی نیمچەئاویی تاوەکو دەگاتە هەڵبژاردەیەك لە شیردەرە ئاوییەکانی وەك نەهەنگی عەنبەر. ئەم کارە ئێجگار زەحمەتە کە لەلایەن توێژەر سکۆت میرسێتاوە سەرۆکایەتی دەکرا توانی ئەو گۆڕانکارییە بدۆزێتەوە کە لە مایۆگڵۆبینی شیردەرە ئاوییەکاندا رویانداوە بەدرێژایی ٢٠٠ ملیۆن ساڵ لە مێژووی پەرەسەندن.
ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخست باشترینی ئەو شیردەرانەی دەتوانن هەناسەیان بۆ ماوەیەکی زۆر رابگرن ئەوانەن کە مایۆگڵۆبینەکانیان خاوەنی سیفاتیی نەلکاوییە.
نهێنی ئەم جیاوازیەش بریتیە لە گۆڕانێکی زۆر سادە، بەڵام لە هەمانکاتدا گرنگی کیمیایی، ئەویش ئەوەیە کە هیمۆگڵۆبینی شیردەرە ئاوییەکان هەڵگری بارگەی پۆزەتیڤن.
ئەمەش کاریگەریەکی گرنگی کارئەندامزانی هەیە. وەك دکتۆر بێرنبریك دەڵێت: "وەك جەمسەرە هاوشێوەکانی موگناتیز، ئەم پرۆتینانە لە یەکتر دووردەکەونەوە." (جەمسەرە جیاوازەکانی موگناتیز یەکتر کێشدەکەن و جەمسەرە هاوشێوەکان لەیەکتر دوردەکەونەوە.)
"بەمشێوەیە پێمانوایە کە ئەم ئاژەڵانە دەتوانن بڕێکی ئێجگار زۆر لەم پرۆتینانە لە ماسولکەکانیاندا هەڵبگرن بەبێ توشبوون بە لکاندن و کڵۆبوون لە ماسولکەکانیاندا."
دکتۆر بێرنبریک دەڵێت ئەم دۆزینەوەیە سەرسامی کردووە لەبەرئەوەی یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانکاریە سەرسوڕهێنەرانەی لە لەشی شیردەرەکاندا رویانداوە لەکاتی پەرەسەندنیاندا لە ئاژەڵی وشکانیەوە بۆ ئاژەڵی ئاویی.
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن گۆڕانکاری کارئەندامزانی هاوشانی گواستنەوەی هەندێك لە شیردەرەکان بووە لە وشکانییەوە بۆ ناو ئاو.
ئەم دۆزینەوەیە کاریگەریەکی ئێجگار گرنگی هەیە لە بواری پەرەسەندنی بایۆلۆجیدا و بەڵگەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە پرۆسەی پەرەسەندنی ئاژەڵان و خۆگونجانیان لەگەڵ ژینگەی دەوروبەردا.
سهرچاوه:
زانستهكان